2025-01-14
ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٤\٠١\٢٠٢٥ دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی پانێڵێکی بە ناونیشانی ( رۆڵی حزبەکانی دەرەوەی دەسەڵات لە رەنگڕێژکردنی سیاسەتە گشتییەکانی هەرێمدا) ڕێکخست، کە ژمارەیەک سەرۆک و ئەندامی باڵای حزبە سیاسییەکان و چاودێرانی سیاسی و ئەکادیمی بەشداربوون.
چوارچێوە و ئامانجی پانێڵەکە ئەنجامدانی گفتوگۆی چڕ بوو لەسەر رۆڵ و کاریگەری حزبە سیاسییەکانی دەرەوەی دەسەڵات لەسەر گۆڕەپانی سیاسی و سیاسەتە گشتییەکان لە ئایندەی هەرێمی کوردستاندا.
د. کاوە مەحموود، سکرتێری حزبی شیوعی کوردستان، ئەبوبەکر عەلی، سیاسەتمەدار و چاودێری سیاسی، عەتا قەرەداغی، نوسەر و ڕووناکبیر، بێکەس قادر، ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، بەشداربووە سەرەکییەکانی پانێڵەکە بوون و گفتوگۆکان لەلایەن ئارام سەعید، بەرپرسی بەشی پلانی ستراتیجی لە دامەزراوەی ڤیژن بەڕێوەبرا.
بەشداربووانی پانێڵەکە راوبۆچوونی جیاوازیان لەسەر هۆکارەکانی ناکارایی حزبە سیاسییەکانی دەرەوەی دەسەڵات لە سیاسەتە گشتییەکاندا خستەڕوو. هەروەها باسیان لە کاریگەرییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان لەسەر گۆڕەپانی سیاسی هەرێم کرد. پاشان بەشداربووانی میوان سەرنج و تێبینی وردیان سەبارەت بە پرسەکە خستە ڕوو.
گفتوگۆکانی ئەم پانێڵە دەبێتە هەوێنی توێژینەوەیەکی زانستی، کە لەلایەن بەشی توێژینەوەکانی دامەزراوەی ڤیژن دەنوسرێت و لەداهاتوودا بڵاودەکرێتەوە.
دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی لە ڕێکەوتی ١\٩\٢٠٢٤ لەلایەن کۆمەڵێک لە دەستەبژێری ئەکادیمی رۆژنامەوانان و رۆشنبیران دامەزراوە.
ئەم دامەزراوەیە وەک خانەیەکی هزری بونیادنەر لە پێناو تێگەیشتنی هاوبەش، بەئامانجی دروستکردنی داهاتوویەکی گەشەسەندوو بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق کاردەکات. لە رێگەی توێژینەوە و دیالۆگ بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان.
بڵاوکردنەوە