دامەزراوەی ڤیژن بەشداريى له‌ داڕشتنی نەخشەڕێگای پاراستنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکات

14 حوزەیران 2026

دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی بەشداره‌ لە وۆرکشۆپێکی تایبەت کە ئامانجی داڕشتنی نەخشەڕێگایەکه‌ بۆ پاراستن و بەهێزکردنی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان لە عێراق. ئەم هەنگاوە لە کاتێکدا دێت کە عێراق ئامادەکاريى بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەکات.
وۆرکشۆپەکە رۆژی یەکشەممە، 14ی حوزەیرانی 2026، لە شاری هەولێر دەستیپێکرد و بڕیارە تا دوو رۆژ بەردەوامبێت. ئارام سەعید، بەرپرسی بەشی پلاندانانی دامەزراوەی ڤیژن، وەک نوێنەری دامەزراوەکە تێیدا بەشداره‌.
ئەم چالاکییە بە پشتگیری داراییی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا و لەسەر دەستی ڕێکخراوی ئايديا ئينته‌رناشناڵ جێبەجێدەکرێت. ئامانجی سەرەکیی وۆرکشۆپەکە دانانی چوارچێوەیەکی کارايه‌ بۆ پاراستنی پاکی و دادپەروەریی هەڵبژاردنەکان، بە تایبەتی لە سەردەمێکدا کە ژینگەی دیجیتاڵ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر ئاراستەکردنی رایگشتی و پرۆسەی هەڵبژاردن هەیە.
دامەزراوەی ڤیژن پێشتر لە چوارچێوەی پرۆژەی "عێراق فلتەر" و بە هاوکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا و ڕێکخراوی ئايديا ئينته‌رناشناڵ و ژمارەیەک لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی عێراق، پرۆژەیەکی فراوانی بۆ بەرهەڵستکاریکردنی هەواڵی ناڕاست و زانیاریی چەواشەکار لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2025 ئەنجامدا.
بەشداریی دامەزراوەی ڤیژن لەم وۆرکشۆپەدا بەشێکە لە هەوڵە بەردەوامەکانی دامەزراوەکە بۆ پشتگیریی پرۆسە دیموکراسییەکان، بەهێزکردنی هۆشیاریی گشتی و پەرەپێدانی سیاسەت و میکانیزمەکانی پاراستنی هەڵبژاردن لە عێراق.




siminar iraq filter_1

siminar iraq filter_2

siminar iraq filter_3

siminar iraq filter_4

siminar iraq filter_5

siminar iraq filter_6