بەهێزکردنی سیستەمی فیدراڵی و حوکمی هاوبەش لە ڕێگەی گوتاری سیاسی کورد لە بەغدا

5 ئایار 2026

ئەم توێژینەوە هەوڵی شیکاریکردنی رۆڵی گوتاری سیاسی کورد لە بەغدا لە پتەوکردن و پاڵپشتیکردنی سیستەمی فیدراڵی عێراق و زامنکردنی حوکمی هاوبەش لە نێوان حکومەتی فیدراڵ و هەرێمدا دەدات. 
لێکۆڵینەوەکە لە کێشەیەکی بنەڕەتییەوە سەرچاوە دەگرێت، کە ئەویش لاوازی گوتاری سیاسی کوردە لە بەغدا، دەرئەنجامی دابەشبوونی ناوخۆیی حیزبی و پشتبەستنی دارایی بە بودجەی فیدراڵی، ئەمە سەرباری پەكخستنی ماددە دەستورییەکانی پەیوەست بە دەسەڵاتی هەرێمەکان، کە توانای هەرێم لە بینینی رۆڵی خۆی لە حکومەتی فیدراڵ بەشێوەیەکی هاوسەنگ لاواز دەکات .
توێژینەوەکە دەریخست کە دابەشبوونی سیاسی نێوان حیزبە کوردستانییەکان لە کاریگەرێتی نوێنەرایەتی کردنی کورد  لە حکومەتی فیدراڵی کەم دەکاتەوە و هەڵوێستی کورد  توشی پەرتەوازەیی دەکات، هەروەها پشتبەستنی نیمچە تەواو بە پشکی بوودجەی فیدراڵی، سەبەخۆیی بڕیاردانی سیاسی هەرێم لاواز دەکات. 
نەبوونی ئامرازی دادوەری و دامەزراوەیی کارا و کاریگەر بۆ لێکدانەوە و روونکردنەوەی ماددە دەستوورییەکان بوه‌تە هۆی دروستکردنی بۆشایی لە نێوان تیۆر و پراکتیزەکردندا، ئەمەش ناکۆکی لەسەر بەڕێوەبردنی دۆسییەی نەوت و غاز قەیرانی ئابوری قوڵکردوه‌تەوە بەجۆرێک کە سەرچاوە سروشتییەکان ببێتە چەقی کێشمەکێشمە سیاسییەکان.