21 ئەیلوول 2026
قوباد تاڵهبانى، جێگرى سهرۆك وهزيرانى ههرێمى كوردستان له وتارێكيدا كه له لوتكهى سلێمانى 2026 پێشكهشی كرد رايگهياند؛ ساڵانی رابردوو سلێمانی گەشەکردنێکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە لە بواری ئابووری و لە بواری وەبەرهێنان و لە بازاڕی کار و لە هەلی کارەوە، نهك ههر ئهوهنده بهڵكو له بوارى هونهر و كولتوور و گفتوگۆى فیكريش گهشهيهكى بهرچاوى بهخۆوه بينيوه.
ئهوهشى خستهڕوو كه کێشەی ئابووری تەنیا بە حکومەت چارەسەر ناکرێت و وتی: "کێشەی دارایی و کێشەی بازاڕ و کێشەی بژێوی ژیانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و عێراق بە حکومەت چارەسەر ناکرێت بە تەنیا؛ کارێکی دەستەجەمعیيه و بە خەڵکی شارەزا، بە فکر، بە موناقەشە، بە ڕەخنە، بە داهێنان، بە پێکەوە کارکردن چارهسهر دهبێت".
دهقى وتارهكهى بهڕێز قوباد تاڵهبانى، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان:
بەڕێز سەرۆک کۆماری عێراق، برای بەڕێزم سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەڕێز وەزیری پەیوەندییەکان، ئامادەبووانی بەڕێز، ئەم کاتەتان باش، گوێمان لە دوو وتاری زۆر بەنرخ بوو و سەرتان نایەشێنم بە وتارێکی دوورودرێژ مەترسن!.
هەر ئەوەندە دەڵێم: دەستخۆشی لە برای عەزیزم کاک عەدنان ئەکەم، دەزگاکەیان، بە کار و چالاکییەکانیان لە ماوەیەکی زۆر کەم توانیویانە جێی خۆیان بکەنەوە لە کوردستان و لە سلێمانییەوە بۆ باسکردنی بابەتە هەستیارەکان و بابەتە هەنووکەییەکان کە پێویستن باس بکرێن.
خۆشبەختانە، وەک خۆشی ئاماژەی پێدا، تەنها باسی بابەتەکان ناکەن، بەڵکو چارەسەریش پێشکەش دەکەن بۆ بابەتەکان و هیوادارین کە لەم لوتکەیەدا، موناقەشەکانی کە دەکرێن، پرسەکانی کە باس دەکرێن و کێشەکانی کە گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت، دەرەنجامێکی هەبێت، راپۆرتێک بێت یان چەند راپۆرتێک بێت، کە ئێمە لای خۆمان لەناو حکومەت، خوشک و برایانی پەرلەمان، بتوانن گفتوگۆی لەسەر بکەن، یاسای لەسەر دەربکەن، بڕیاری پێویست و شیاوی لەسەر دەربکەن لە پێناوی بووژانەوەی کەرتی تایبەت و بازاڕی کار و هەلی کار و بووژانەوەی عێراق بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەت.
لە لایەکی تریشەوە زۆر دڵخۆشم کە لە ساڵانی رابردوو سلێمانی گەشەکردنێکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە لە بواری ئابووری و لە بواری وەبەرهێنان و لە بازاڕی کار و لە هەلی کارەوە، بەڵام لەوە دڵخۆشترم کە تەنها لەوە گەشەی نەکردووە دەبینین لە بواری هونەر و کولتووردا، پایتەختی رۆشنبیری پێناسەکەی خۆی بەخۆیەوە گرتووەتەوە و رۆژ لە دوای رۆژ کار و چالاکی هونەری دەبینین و هۆڵی شانۆکان پڕ بوونەتەوە و فیلم گەشە دەکات و بواری هونەر و کولتوور گەشە دەکات.
بۆیە دووبارە و سێبارەش خۆشحاڵترم کە لەپاڵ گەشەکردنی ئابووری هەرێمی کوردستان و گەشەکردنی هونەر و کولتوور لە کوردستان و لە سلێمانی، کەشێکی داهێنەرانەش دەبینین لێرە، کە گەنجەکانمان بە سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆجیای ئەمڕۆ، بە سوودوەرگرتن لە ژیریی دەستکرد، بە سوودوەرگرتن لەوەی کە لە جیهاندا دەگوزەرێت، سلێمانییان کردووە بە پایتەختی داهێنان و کارسازی.
تەنیا لەوەش نەوەستاوین؛ لەپاڵ ئەم کەرتانە کە ساڵ لە دوای ساڵ و رۆژ لە دوای رۆژ گەشە دەکەن، ئەوەی کە خۆشحاڵترمان دەکات ئەوەیە کە بواری موناقەشەی فیکریش گەشەی کردووە، لە لووتکە و کۆنفرانسەکانی کە ئەنجام دەدرێن، بە ئامادەبوونی بەڕێزان لە حکومەتی فیدراڵ و بە ئامادەبوونی سەرۆک کۆمار و وەزیرە بەڕێزەکانی فیدراڵی و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، چونکە کێشەی ئابووری تەنیا بە حکومەت چارەسەر ناکرێت؛ کێشەی دارایی و کێشەی بازاڕ و کێشەی بژێوی ژیانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و عێراق بە حکوومەت چارەسەر ناکرێت بە تەنیا؛ بە کارێکی دەستەجەمعی چارەسەر دەکرێت. بە خەڵکی شارەزا، بە فیکر، بە گفتوگۆ، بە رەخنە، بە داهێنان، بە پێکەوە کارکردن.
بۆیە سەرتان نایەشێنم و خوا سەرتان نەیەشێنێت، دەستخۆشیتان لێ دەکەم و هیوادارم کۆنفرانسێکی سەرکەوتوومان هەبێت و ئێمەش چاوەڕێی دەرەنجامی ئەو کۆنفرانسە دەکەین کە ئینشاڵا بتوانین بیکەینە بەشێک لە کاری پێویستمان لە حکومەت و پەرلەمان و دامەزراوە فەرمییەکان.
هەر شاد و سەربەرز و سەرکەوتوو بن، بەخێر بێن.
بڵاوکردنەوە