21 ئەیلوول 2026
ڤیژن فاوەندەیشن
سوود وەرگرتن لە دەرئەنجامی توێژینەوەی ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە و توێژینەوە، بەتایبەتی ئەو توێژینەوانەی بەشدارن لە داڕشتنی سیاسەتە گشتییەکان و درووستکردنی بڕیار و رۆڵی گرنگی خانەکانی بیر و توێژینەوە و لێکۆڵینەوە، ناوەڕۆکی کۆبونەوەیەکی سەرۆک وەزیرانی عێراق بوو، لەگەڵ دەستەبژێرێک لە سەرۆکی ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە و توێژینەوە، کە سەرۆکی دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی تێیدا بەشداربوو.
رۆژی یەکشەممە 20 ـی ئەیلوولی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، پێشوازی لە دەستەیەک لە سەرۆکی ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە، توێژینەوە و هزریی لە عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا، عەدنان عوسمان سەرۆکی دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی لەسەر بانگهێشتی فەرمی سەرۆک وەزیران بەشداریی تێدا کرد، گفتوگۆ لەسەر کار و چالاکیی ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە و توێژینەوە و رۆڵیان لە بواره جیاوازەکاندا کرا، لەگەڵ چۆنیەتی سوود وەرگرتن لە دەرئەنجامی ئەو توێژینەوانەی بەشدارن لە داڕشتنی سیاسەتە گشتییەکان و پشتیوانیکردن لە بڕیاردانی درووست.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، باسی لە گرنگی ئەو رۆڵە کرد کە ناوەندەکانی هزر، توێژینەوە و لێکۆڵینەوە دەیگێڕن، پشتیوانی حکومەت و بەهێزکردنی کەناڵەکانی پەیوەندی و هەماهەنگی لە نێوان ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە و دامەزراوەکانی دەوڵەت دووپاتکردەوە، بەهێزکردنی ئامادەییان و فراوانکردنی بەشدارییان لە چارەسەرکردنی ئەو پرس و ئاڵنگارییانەی رووبەڕووی دەوڵەت و کۆمەڵگە دەبنەوە، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.
عەلی زەیدی، باسی لە گرنگی ئەو رۆڵە کردەوە کە ناوەندەکانی هزر، لێکۆڵینەوە و توێژینەوە دەتوانن بیگێڕن لە پێشکەشکردنی چارەسەر بۆ پرسە جیاوازەکانی عێراقی، ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە و توێژینەوە دەتوانن رۆڵیان هەبێت لە بوارەکانی بووژانەوە و گەشەپێداندا، داوای کرانەوە بە رووی ئەزموونە سەرکەوتووەکانی جیهان و سوودوەرگرتن لێیان کرد، بە جۆرێک کە لەگەڵ تایبەتمەندی دۆخی عێراق و پێداویستییەکانیدا بگونجێت.
لە کۆبونەوەکەدا سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئاماژەی بە ئاڕاستەی سیاسەتی دەرەوەی عێراق و پلان و ستراتیجییەکانی حکومەت لە بواری سیاسی، ئەمنی و ئابووریدا کرد و رایگەیاند: عێراق کار دەکات بۆ ئارامکردنەوەی دۆخی ناوچەکە و بەشداریی لە چارەسەرکردنی قەیرانەکاندا، بەپشتبەستن بە رۆڵ و بەرپرسیارێتی خۆی لە پشتیوانیکردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە.
لە دۆسیەی ئابووریدا، عەلی زەیدی روونی کردەوە، عێراق لە قۆناغی ئێستادا رووبەڕووی ئاڵنگاریی ئابووریی گەورە بووەتەوە لە سایەی لێکەوتەکانی جەنگ لە ناوچەکە و داخستنی گەرووی هورمز، لە بەرامبەردا حکومەت بەردەوامە لەسەر کارکردن بۆ پشتیوانیکردن و گەشەپێدانی کەرتی تایبەت وەک پایەیەکی سەرەکی بۆ بەدیهێنانی گەشەپێدان و هەمەجۆرکردنی ئابووری، سەرەڕای هەوڵەکانیان بۆ دروستکردنی سندوقی گەشەپێدان، بەردەوامبوون لە دابینکردنی پڕۆژەی یەک ملیۆن پارچە زەویی نیشتەجێبوون و درووستکردنی شارە نوێیەکان.
لە کۆتایی کۆبونەوەکەدا، ژمارەیەک لە سەرۆکی ناوەندەکانی توێژینەوە و هزرییەکان، تێڕوانین وبیرۆکە و پێشنیاری پەیوەندیدار بە بوارەکانی ئابووری، سیاسی و پەیوەندییە دەرەکییەکانیان پێشکەش کرد، جگە لە میکانیزمی گەشەپێدانی پەیوەندی و هەماهەنگی لە نێوان دامەزراوە حکومییەکان و ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە و توێژینەوە.


بڵاوکردنەوە