21 ئەیلوول 2026
ڤيژن فاوندهيشن
رۆژى پێنجشهممه، 17ـى ئهيلوولى 2026، يهكهم رۆژى لوتكهى سلێمانى 2026 له هۆتێل گراند ميلينيۆمى شارى سلێمانى بهڕێوهچوو، لوتكهكه به وتارى عهدنان عوسمان، سهرۆكى لوتكهى سلێمانى دهستپێكرد.
عهدنان عوسمان، ئاماژهى بۆ ئهوهكرد كه لوتكهى سلێمانى تهنيا چهند دانيشتنێكى رۆتينى نييه، بهڵكو پرس و تاقیکردنەوەی ئایندەی ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستانە.
وتيشى: "دەمانەوێت ئەم لوتکەیە ببێتە لوتکەی هەموو عێراق و تیایدا دیوارەکانی نێوان بەغدا و هەرێم لە کایە بازرگانییەکاندا لاببرێن؛ سەرمایە و قەرزی بانکە عێراقییەکان بە پڕۆژەکانی هەرێمەوە ببەستینەوە و رێگەکانی ناردنی بەرهەمی کارگەکانی کوردستان بۆ تەواوی شارەکانی عێراق ئاوەڵا بکرێن".
دەقی وتارهكهى عهدنان عوسمان، سەرۆکی لوتکەی سلێمانی
ئەم کاتەتان باش
بەڕێز سەرۆک کۆماری عێراق، بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەڕێز جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڕێزان، وەزیرە بەڕێزەکان لە حکومەتی فیدراڵی و لە هەرێمی کوردستان، ئەندامانی بەڕێزی پەرلەمان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و لە هەرێمی کوردستان، بەڕێزان بەرپرسانی حکومی و دیپلۆماتکاران، سەرۆک و بەڕێوەبەری بانکەکان و دەزگا دارایییەکان، خاوەنکاران، پیشەسازان، وەبەرهێنەران، میوانانی بەڕێزی نێودەوڵەتی و هەموو ئامادەبووانی هێژا؛ بەخێر بێن بۆ لوتکەی سلێمانی 2026.
ئەمڕۆ لێرە کۆبووینەتەوە بۆ بابەتێک کە تەنها پرسێکی ئاسایی بانک یان چەند دانیشتنێکی رۆتینی نییە، بەڵکو پرس و تاقیکردنەوەی ئایندەی ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستانە، ئێمە لە کاتی ئەنجامدانی توێژینەوە مەیدانییەکانمان و لە چاودێریکردنی وردی بازاڕ و ژێرخانی ئابووری، گەیشتینە بەردەم هاوکێشەیەک کە مایەی تێڕامان بوو:
· لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا سەرمایەی نەختینە هەیە.
· پڕۆژەی زۆری نیشتەجێبوون و بیناسازی هەیە.
· بانک و ناوەندی داراییی فراوان هەن.
· تەنیا لەم دەڤەرەدا زیاتر لە 3400 کارگەی گەورە و مامناوەند و بچووک هەن.
تەنیا 116 کارگەی ستراتیجی لێرە هەن کە توانای دابینکردنی بەشێکی زۆری پێداویستیی بازاڕەکانی عێراقیان هەیە.
بەداخەوە، ئەم هەموو کۆڵەکە بەهێزەی ئابووری پەیوەست نین بە یەکەوە و وەک سێکتەری دابڕاو لە یەکتر کار دەکەن. سەرباری ئەوەش:
1. پارەی بانکەکان ناچێتە خزمەتی کارگەکان.
2. قازانج و سەرمایەی کەرتی خانووبەرە نەچووەتە بواری بەرهەمهێنانی ناوخۆیی.
3. کارگەکانمان رووبەڕووی ئاڵنگاریی گەورە دەبنەوە لە بوارەکانی: سووتەمەنی و کارەبای گران، باج و رسووماتی زۆر، کرێی بەرزی زەویی پیشەسازی، بەربەستەکانی گواستنەوەی کاڵا بۆ شارەکانی هەرێم و لە هەرێمیشەوە بۆ عێراق.
4. نەبوونی هاوکاری و پشتیوانیی بانکی وای کردووە ئەم کارگانە بارگرانییەکی زۆریان لەسەر بێت و بەشێکیان لە گەشەکردن بوەستن.
ئێمە بۆیە ناومان ناوە لوتکەی سلێمانی، چونکە ئەمە تەنیا کۆنفرانسێک نییە بۆ باسکردن و ژماردنی کێشەکان؛ لوتکەیە چونکە بەرپرسان و بڕیاربەدەستانی باڵای عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ خاوەنکار و وەبەرهێنەران و پیشەوەران و سەرمایەداران لەسەر یەک مێز کۆدەبنەوە.
دەمانەوێت ئەم لوتکەیە ببێتە لوتکەی هەموو عێراق و تیایدا دیوارەکانی نێوان بەغدا و هەرێم لە کایە بازرگانییەکاندا لاببرێن؛ سەرمایە و قەرزی بانکە عێراقییەکان بە پڕۆژەکانی هەرێمەوە ببەستینەوە و رێگەکانی ناردنی بەرهەمی کارگەکانی کوردستان بۆ تەواوی شارەکانی عێراق ئاوەڵا بکرێن.
بۆیە پاش ئەم دوو رۆژە، کارنامەی لوتکەی سلێمانی کۆتایی نایەت، بەڵکو قۆناغی چنینەوەی بەرهەم و بەجێگەیاندنی کرداری دەست پێدەکات؛ تا ئەوکاتەی ئەم گفتوگۆیانە دەبنە:
· بڕیاری حکومی لە چوارچێوەی یاساییی ئاسانکراودا بۆ باج و گومرگ.
· دابینکردنی قەرزی بانکی بۆ کارگە و پڕۆژەکان.
· دەرفەتی راستەقینەی ئابووری، هەلی کار و گەشەپێدان.
لە لوتکەی سلێمانییەوە دەمانەوێت گفتوگۆیەک بکەین کە تەنیا لەسەر ئەوە نەبێت کێشەکان چین، بەڵکو لەسەر ئەوەش بێت کە:
· چی دەبێت بگۆڕدرێت؟
· کێ دەبێت ئەو گۆڕانکارییانە بکات؟
· چۆن دەتوانین ئەو گۆڕانکارییانە لەسەر زەوی جێبەجێ بکەین؟
باوەڕمان وایە ئەرکی دامەزراوەکان و دیدارەکان تەنیا دروستکردنی دیدگا و روونکردنەوەی کێشەکان نییە، بەڵکو دەبێت هەوڵ بدرێت دیدگا بگۆڕدرێت بۆ هەنگاوی کاریگەر و بیرۆکە بگۆڕدرێت بۆ کاری کرداریی.
لێرەوە بە ناوی هەموو هاوبەشەکانی ئەم لوتکەیەوە، سوپاسی تایبەت و بێپایان ئاراستەی بەڕێز سەرۆک کۆماری عێراق، بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بەڕێز جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ ئامادەبوون و پشتیوانییە بەردەوامەکانیان.
هەروەها سوپاسی هەموو وەزیرە بەڕێزەکان، پەرلەمانتاران، میوانانی ناوەوە و دەرەوەی عێراق، پارێزگاران، بانکەکان، وەبەرهێنەران و سەرجەم میوانانی ئازیز دەکەین.
سوپاسی تایبەتی هەموو ئەو کۆمپانیا، بانک، سەرمایەدار و خاوەنکارانە دەکەین کە دڵسۆزانە و بەپەرۆشەوە پشتیوانیی ئەم لوتکە نیشتمانییە گرنگەیان کردووە.
بەڕێزان، با لە سلێمانییەوە پێکەوە سەرمایە، پیشەسازی و وەبەرهێنانی خانووبەرە گرێ بدەینەوە و ئابوورییەکی سەقامگیر و بەرهەمهێنەر بۆ نەوەکانمان بنیات بنێین.
بەخێر بێن بۆ لوتکەی سلێمانی 2026.
بڵاوکردنەوە