21 ئەیلوول 2026
له وتارى دهستپێكى لوتكهى سلێمانى 2026، كه رۆژى 17ـى ئهيلوول کارەکانی يهكهم رۆژيى بهڕێوهچوو، بهڕێز نزار ئامێدى، سهرۆك كۆمارى عێراق رايگهياند: ئەم کارە پێکەوەییە و ئەم هاوبەشییە زیندووە لە پێشنیازکردنی سیاسەتەکان و دانانی چارەسەرەکاندا، لەم بارودۆخە پڕ لە گێژاوەی ناوچەکە پێیدا تێپەڕ دەبێت، زۆر پێویست و گرنگە.
وتيشى: لەم چوارچێوەیەدا، پشتیوانی لەو هەوڵە یاسایی و دامەزراوەییانە دەکەین کە کەرتی تایبەت بەهێز دەکەن بۆ ئەوەی ڕۆڵێکی گەورەتر لە جێبەجێکردنی پڕۆژە ستراتیجییەکان، پەرەپێدانی ژێرخان و خزمەتگوزارییەکان و ڕەخساندنی دەرفەتی کاردا بگێڕێت.
دەقی وتارهكهى سهرۆك كۆمارى عێراق:
خوشک و برایانی بەڕێز
بەیانیتان باش
گەرمترین هیوام ئەوەیە کە هەوڵە فیکرییەکان، چ تیۆری و چ پراکتیکی، لە کارەکانی ئەم کۆڕبەندەدا بەرهەمدار بن لە داڕشتنی دیدگای زیندوودا کە هاوکاری بڕیاربەدەستان و بەرپرسان لە ئاستە جیاوازەکاندا بکات بۆ گرتنەبەری بڕیار و ڕوانینە پێویستەکان بۆ داهاتوویەکی ئابووریی زیندوو و پڕ لە جووڵە.
هاوئاهەنگی و یەکخستنی هەوڵەکان لە نێوان دامەزراوە حکومییەکان لە لایەک و دامەزراوەکانی کۆمەڵگە، هاوبەشان و ڕێکخراوە سەربەخۆکان لە لایەکی ترەوە، پرسێکی گرنگە لە کێشان و پێشنیازکردنی سیاسەتە دارایی، بانکی و ئابوورییەکاندا، هەروەها لە شێوازەکانی پەرەپێدان و جێبەجێکردنیان لە پێناو ئابوورییەکی گەشەسەندوو و پێشکەوتوو لە هەموو بوارەکاندا.
ئەم کارە پێکەوەییە و ئەم هاوبەشییە زیندووە لە پێشنیازکردنی سیاسەتەکان و دانانی چارەسەرەکاندا، لەم بارودۆخە پڕ لە گێژاوەی ناوچەکە پێیدا تێپەڕ دەبێت، زۆر پێویست و گرنگە؛ ئەو بارودۆخەی کە سێبەری قورسی بەسەر ئابووریی نیشتمانی و سیاسەتە داراییەکاندا کێشاوە، بە شێوەیەک کە کاری هاوبەش دەکاتە پێویستییەکی لەڕادەبەدەرو گرنگ بۆ تێپەڕاندنی کێشەکانی ئاسایشی ناوچەکە و دوورخستنەوەی کاریگەرییەکانی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان و ئاسایشی ئابووری و دارایی وڵات.
لەم چوارچێوەیەدا، پشتیوانی لەو هەوڵە یاسایی و دامەزراوەییانە دەکەین کە کەرتی تایبەت بەهێز دەکەن بۆ ئەوەی ڕۆڵێکی گەورەتر لە جێبەجێکردنی پڕۆژە ستراتیژییەکان، پەرەپێدانی ژێرخان و خزمەتگوزارییەکان و ڕەخساندنی دەرفەتی کاردا بگێڕێت، بە مسۆگەرکردنی شەفافیەت، کێبڕکێ، پاراستنی سامانی گشتی و مافەکانی دەوڵەت و وەبەرهێنەران.
سەرکەوتنی ئەم هاوبەشییانە پێویستی بە تەواوکاریی نێوان ڕۆڵی ڕێکخستن و ستراتیژیی دەوڵەت لەگەڵ لێهاتوویی و توانای کەرتی تایبەت هەیە لە وەبەرهێنان و داهێناندا، بە جۆرێک لەگەڵ هەمەجۆرکردنی چالاکیی ئابووری و ڕاکێشانی سەرمایە، شارەزایی و تەکنەلۆجیادا بگونجێت، و گۆڕینی توانستە نیشتمانییەکان بۆ پڕۆژەی بەرهەمهێن کە کاریگەریی ئەرێنیی ڕاستەوخۆیان هەبێت؛ تا بگەین بە ئابوورییەکی هەمەجۆرتر و کێبڕکێکارتر کە توانای بەدیهێنانی خواستەکانی گەلی هەبێت بۆ دەرفەتی کاری باشتر و ئاستێکی شایستەتر و باشتر لە ژیان و خزمەتگوزاری.
ئامادەبووانی بەڕێز
ئەزموونەکان سەلماندوویانە کە سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی بەبێ سەقامگیرییەکی ئابووری و کۆمەڵایەتیی بەردەوام نایەتە دی.
لە کاتێکدا ڕێڕەوی سەقامگیریی ئەمنی لە وڵاتەکەماندا بەرەو چەسپان دەچێت، وڵاتەکەمان هێشتا دەناڵێنێت بەدەست کاریگەری و ئاڵنگارییەکانی ململانێیە توندەکانی ناوچەکەوە.
ئەمەش وامان لێدەکات کار بۆ سەقامگیریی ناوچەکە و بەهێزکردنی بنەماکانی گفتوگۆ لە نێوان لایەنە ناکۆکەکاندا بکەین، هەروەها هەوڵ بدەین بۆ پاراستن و چەسپاندنی سەروەریی نیشتمانی.
هاوکات چاومان لە دیدگایەکی نیشتمانیی درێژخایەن و زیندووە کە کات کورت بکاتەوە و تواناکان پێش بخات، کە بنەماکەی لەسەر تەواوکاریی دامەزراوەکانی دەوڵەت، سەروەریی یاسا، بەڕێوەبردنی دروستی سەرچاوەکان، هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی ئابووری، هاندانی وەبەرهێنان، پەرەپێدانی سەرمایەی مرۆیی و وەرچەرخانی دیجیتاڵی بێت.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەو سەرچاوە مرۆیی و سروشتییانەی کە عێراق هەیەتی و پێگە جوگرافییە ستراتیژییەکەی، گرنگیی گواستنەوەی قۆناغ بە قۆناغ دەردەکەوێت بەرەو ئابوورییەکی هەمەجۆر، بەرهەمهێن و ڕاکێشەری وەبەرهێنان کە بە کرداری بتوانێت دەرفەتی کار بخوڵقێنێت؛ لە ڕێگەی پتەوکردنی حوکمڕانی، چاکسازیی دارایی و ئابووری، پەرەپێدانی ژێرخان، بەهێزکردنی کەرتی تایبەت، وەبەرهێنان لە گەنجان و تەکنەلۆجیادا و هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهاتی نیشتمانی، بە مەبەستی گەیشتن بە گەشەپێدانێکی هەمەلایەنە و هاوسەنگ تا کاریگەرییەکانی بە شێوەیەکی بەرچاو لە ژیانی هاووڵاتییاندا ڕەنگ بداتەوە و پێگەی ئابووریی عێراق لە ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا بەهێز بکات و مافی نەوەکانی داهاتووش بپارێزێت.
پێمان وایە کە بەردەوامبوون لە خاوێنکردنەوەی ژینگەی دارایی، ئابووری و خزمەتگوزاری لە پەتای گەندەڵی، هەنگاوێکی گرنگ و بنەڕەتییە لە ساڕێژکردنی برینەکان و ڕەخساندنی کەشێکی ئارام بۆ وەبەرهێنان و کارکردنی کۆمپانیاکان؛ لەم بوارەشدا پشتگیری لە ڕێکارەکانی دادوەری و دەزگاکانی دەستپاکی و ئەمنی و دامەزراوە حکومییە پەیوەندیدارەکان دەکەین.
سەرۆکایەتیی کۆمار سوورە لەسەر پابەندبوون بە بەرپرسیارێتییە دەستوورییەکانی خۆی و بەردەوام لە هەوڵدایە بۆ دروستکردن و پاڵپشتیکردنی هاوکاری و تەواوکاریی ئابووری و هەماهەنگیی دامەزراوەیی لە نێوان حکومەتی فیدراڵ و دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستاندا، بە شێوەیەک کە یەکپارچەیی دەوڵەت بپارێزێت و بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمان بەهێز بکات.
سەرۆکایەتیی کۆمار بەشدارە لە ڕەخساندنی کەشێکی لەبار بۆ گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن و لێک نزیککردنەوەی دیدگاکان، هەروەها پاڵپشتیکردنی ڕێڕەوە دەستووری و یاساییەکان بۆ چارەسەرکردنی دۆسیە ئابووری و داراییە هاوبەشەکان و هاندانی گرتنەبەری میکانیزمی دامەزراوەیی بەردەوام کە ببێتە هۆی بەهێزکردنی هەماهەنگی و تەواوکاریی سیاسەتەکان و بەڕێوەبردنی سەرچاوەکان بە جۆرێک کە بەرژەوەندیی هەموان بەدی بهێنێت.
بەڕێزان
ئێستا درک بەوە دەکەین کە لە بەردەمماندا چەندین ئەرک هەن کە دەبێت پێکەوە هەوڵی جێبەجێکردنیان بدەین، هاوکات لە بەردەم زۆر ئاڵنگاریشداین.
یەکڕیزیمان، یەکخستنی ئیرادەکانمان، و ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوەکان بە گیانی هەستکردنی هاوبەش بە بەرپرسیارێتی، هەموویان بنەمای سەرەکین بۆ بەهێزکردنی ئێستامان و هەنگاونان بە متمانەوە بەرەو داهاتوویەکی گەشتر کە گەلەکەمان و وڵاتەکەمان شایستەیەتی.
لە کۆتاییدا، بە ڕێز و پێزانینەوە سڵاو دەکەین لەو دیدگا و تێڕوانینانەی کە لەم کۆڕبەندە بەڕێزەدا گوێمان لێیان دەبێت، و هیوای سەرکەوتن بۆ چالاکییەکانی دەخوازین لە بەدیهێنانی ئەو ئامانجانەی کە چاوەڕێیان دەکەن.
هەروەها سوپاس و پێزانینی زۆری خۆمان دەردەبڕین بۆ ئەو هەوڵانەی کە ڕێکخەران داویانە لە پێناو سەرخستنی ئەم چالاکییەدا.
والسلام علیکم ورحمة الله وبرکاته.
بڵاوکردنەوە