20 تشرینی دووەم 2025
توێژەر : د.ئاکۆ حمە کریم رحیم
عێراق یەکێکە لە وڵاتە گرنگەکانی ناوچەکە و بە لەبەرچاوگرتنی مێژوو و پێگەی گرنگی جیۆستراتیجی دەکەوێتە دڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، لەکۆنەوە عێراق رێڕەوی سەرەکی بازرگانی و ئەڵقەی پەیوەندی بووە بۆ زۆرێک لە نەتەوە و شارستانیەتەکان. بەڵام بەهۆی نا سەقامگیری و زۆری شەڕ و جەنگ و شۆڕشە ناوخۆییەکانەوە، عێراق وەک ڕێڕەوێکی بازرگانی نێودەوڵەتی ئەو پێگەییەی لەدەست دا. لەدوای شکستپێهێنانی داعش و دروستبوونی سەقامگیری رێژەی، عێراق دەیەوێت جارێکی تر رۆڵی هەرێمی و ئابووری بەهێز بکات. بۆ ئەم مەبەستە لە ٢٠٢٣ دا پرۆژەی ڕێگای گەشەپێدانی راگەیاند کە عێراق و کەنداو دەبەستێتەوە بە تورکیا و ئەوروپاوە، ئەگەر پڕۆژەکە جێبەجێ بکرێت بایەخی بازرگانی و جێوپۆڵەتیکی گەورە دەدات بەعێراق و هیچی کەمتر نابێت لە گرنگی نۆکەندی سویس و پەنەما. ئەم توێژینەوەیە شیکاری فرە ڕەهەندی بۆ پرۆژەی ڕێگای گەشەپێدان دەکات، وەک دەستپێشخەرییەکی ستراتیجی بە ئامانجی بەرزکردنەوەی گەشەی ئابووری و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان لە عێراق. هەروەها هەڵسەنگاندن بۆ سیناریۆ جیاوازەکانی بەردەم پرۆژەکە دەکات، وەک پردێک کە عێراق و تورکیا بەیەکەوە دەبەستێتەوە، هەروەها چۆن ناوچە دوورە دەستەکان بە ناوەندەکانی شارەوە دەبەستێتەوە و بەشداری دەکات لە باشترکردنی کوالیتی ژیان بۆ دانیشتوانی ناوچەکە لەڕێگەی ڕەخساندنی هەلی کاری زیاتر و دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان. لە رێگەی راسپاردەکانەوە بەرچاوڕونی دەدات دەربارەی پڕۆژەکە یارمەتیدەر دەبێت لە بەرزکردنەوەی ئاستی گەشتیاری و ڕاکێشانی وەبەرهێنانی نوێ بۆبەرزکردنەوەی گەشەی ئابووری.
بڵاوکردنەوە