ديدارێك بۆ ده‌رفه‌ته‌كانى گه‌شه‌پێدانى ئابورى له‌ ئيداره‌ى راپه‌ڕين به‌ڕێوه‌چوو

29 نیسان 2026

له‌ شارى رانيه‌ و به‌ به‌شدارى به‌رپرسانى حكوميى و پسپۆڕان و كه‌سانى ئه‌كاديمى، ديدارێك بۆ هه‌نگاوه‌كانى به‌ره‌وپێشبردى ئيداره‌ى راپه‌ڕين به‌ڕێوه‌چوو، له‌ سێ پانێڵدا چه‌ندين رێگاچاره‌بۆ به‌ره‌وپێشبردنى ژێرخان، ده‌ستى كار و وه‌به‌رهێنانى ناوچه‌كه‌ خرانه‌ڕوو.
ديداره‌كه‌ رۆژى 29/4/2026 له‌ زانكۆى راپه‌ڕين له‌لايه‌ن دامه‌زراوه‌ى ڤيژن بۆ لێكۆڵينه‌وه‌ى ستراتيجى و زانكۆى راپه‌ڕين به‌ هاوبه‌شى به‌ڕێوه‌چوو، جگه‌ له‌ وتارى سه‌رۆكى زانكۆى راپه‌ڕين و سه‌رپه‌رشتيارى ئيداره‌ى راپه‌ڕين،قوباد تاڵه‌بانى، جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌شێوه‌ى ئۆنلاين وتارێكى پێشكه‌شكرد و جه‌ختى كرده‌وه‌ كه‌ له‌مه‌ودوا هه‌نگاوه‌كان ته‌نها به‌ ئاڕاسته‌ى به‌ره‌وپێشبردنى شاره‌ گه‌وره‌كان نابن، به‌ڵكو گه‌شه‌ به‌ قه‌زا و ناحييه‌كانيش ده‌ده‌ن.
له‌سه‌ره‌تادا د. ئارێز محه‌مه‌د، سيمينارێكى ده‌رباره‌ى پرۆژه‌كانى كه‌رتى گشتى و تايبه‌ت پێشكه‌شكرد و دواتر پانێڵى يه‌كه‌م به‌ ناونيشانى (به‌هێزكردنى كه‌رته‌كانى كشتوكاڵ و گه‌شتوگوزار له‌ ئيداره‌ى راپه‌ڕيندا) به‌ڕێوه‌چوو، هه‌ريه‌كه‌ له‌ بێگه‌رد دڵشاد تاڵه‌بانى، وه‌زيرى كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانى ئاو و ئه‌مه‌ل جه‌لال، سه‌رۆكى پێشووى ده‌سته‌ى گه‌شتوگوزار و د. ئازاد ساڵح، مامۆستاى زانكۆ و ئاره‌زوو باراوى، خاوه‌نى گروپى كوردستان ئاوتدۆرز، به‌شدارييان تێدا كرد و سه‌رنج و هه‌وڵه‌كانى خۆيان بۆ به‌ره‌وپێشبردنى كه‌رتى كشتوكاڵ و گه‌شتوگوزار خسته‌ڕوو.
له‌ پانێڵى دووه‌مدا كه‌ تايبه‌ت بوو به‌ (ده‌رفه‌ته‌كانى وه‌به‌رهێنان و بازرگانى و پيشه‌سازى له‌ ژێرخانى ئيداره‌ى راپه‌ڕيندا) هه‌ريه‌ك له‌ شاهۆ نه‌جيم، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى وه‌به‌رهێنان له‌ ئيداره‌ى راپه‌ڕين و عه‌باس عه‌زيز بايز، به‌ڕێوه‌به‌رى گومرگى راپه‌ڕين و عه‌لى عوسمان، بريكارى وه‌زاره‌تى بازرگانى و پيشه‌سازى و د. رۆژه‌ كه‌مال، ب.ج بۆردى ده‌زگاى په‌ره‌پێدانى ناوچه‌ى راپه‌ڕين به‌شدارييان كرد و باسيان له‌و ده‌رفه‌تانه‌ كرد له‌ كه‌رته‌كانى وه‌به‌رهێنان، بازرگانى و پيسه‌سازى ناوچه‌كه‌دا هه‌يه‌ بۆ به‌ره‌وپێشچوونى زياتر.
پانێڵى سێهه‌م تايبه‌ت بو به‌ (ره‌خساندنى هه‌له‌كانى كار) هه‌ريه‌ك له‌ د. بێوار ئه‌حمه‌د، مامۆستاى زانكۆ و په‌يكار ئازاد، ى. پێشكه‌وتووى به‌شدارى كۆمه‌ڵگا له‌ (IOM) و د. ديدار عه‌بدولكه‌ريم، به‌رپرسى به‌شى توێژينه‌وه‌كانى دامه‌زراوه‌ى ڤيژن و ئه‌بوبه‌كر عه‌لى بايز، سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى په‌نابه‌ره‌ گه‌ڕاوه‌كانى ئه‌وروپا وه‌ك پانێڵست تێيدا به‌شدار بوون و باسيان له‌ ده‌ستى كارى ناوچه‌كه‌ و هۆكاره‌كانى كۆچى گه‌نجان و رێگاكانى به‌ره‌وپێشبردنى ژيانى گه‌نجان و هاندانيان كرد.
ديداره‌كه‌ به‌ خوێندنه‌وه‌ى پێشنيازه‌كان كۆتاييهات، بڕياره‌ ده‌رئه‌نجامه‌كان له‌داهاتوودا له‌ڕێى ئه‌نجامدانى توێژينه‌وه‌يه‌كه‌وه‌ ئاڕاسته‌ى بڕياربه‌ده‌ستان بكرێت بۆ به‌ره‌وپێشبردنى ناوچه‌كانى سنوورى ئيداره‌ى راپه‌ڕين.





Raparin_Event_1

Raparin_Event_2

Raparin_Event_3

Raparin_Event_4

Raparin_Event_5

Raparin_Event_6

Raparin_Event_7

Raparin_Event_8

Raparin_Event_9

Raparin_Event_10

Raparin_Event_11

Raparin_Event_12

Raparin_Event_13

Raparin_Event_14

Raparin_Event_15

Raparin_Event_16

Raparin_Event_17

Raparin_Event_18

Raparin_Event_19

Raparin_Event_20

Raparin_Event_21

Raparin_Event_22

Raparin_Event_23

Raparin_Event_24

Raparin_Event_25

Raparin_Event_26