عێراق ساڵانه‌ 73.5 مليۆن دۆلار بۆ كڕينى مادده‌ قڕكه‌ره‌كان خه‌رجده‌كات

20 کانوونی دووەم 2026

توێژینەوەیەکی نوێی دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێكۆڵينه‌وه‌ى ستراتيجى هۆشداری دەدات لە زیادبوونی بەکارهێنانی ماددە قڕکەرە کشتوکاڵییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، پێشنیار دەکات یاساکانی پەیوەست بەم ماددانە بە خێرایی پێداچوونەوەیان بۆ بکرێت، چونکە کاریگەرییە تەندروستی و ژینگەییەکانیان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بوون.
ئەم توێژینەوەیە، کە بە زمانی ئینگلیزی لەلایەن د. کامەران ساڵح و د. رێبوار مستەفا ئامادە کراوە و ناونیشانی «رێکخستنی ژینگەیی و ڕوانگەی ئابووری لەسەر هاوردەکردن و بەڕێوەبردنی ماددە قڕکەرییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان»ی هەیە، ئاشکرا دەکات عێراق لە پلەی 88هەم لە نێوان وڵاتانی جیهاندا لە هاوردەی ئەم ماددانەدا دایە و ساڵانە نزیکەی 73.5 ملیۆن دۆلار بۆ ئەم مەبەستە خەرج دەکات.
لە هەرێمی کوردستان، بەپێی توێژینەوەکە، یاساکان بە ئاسانی ڕێگە بە هاوردەکردن و بەکارهێنانی ماددە قڕکەرەکان دەدەن، ئەمەش وايکردووە زۆربەی جووتیاران بێ چاودێری گونجاو و به‌شێوه‌يه‌كى خراپ ئەم ماددانە بەکاربهێنن. ئەنجامەکەی بریتییە لە زیانگەیاندنی تەندروستی مرۆڤ و ژینگە، لە کاتێکدا هیچ جێگرەوەیەکی سەلامەت و کارا بۆیان دیاری نەکراوە.
لە عێراقیش، یاسا پێویستی بە تۆمارکردن و هەڵسەنگاندنی ئەو ماددانە دەکات کە دەهێنرێن بۆ وڵاتەکە، بەڵام بەپێی توێژینەوەکە ئەم یاسایە لە زۆربەی کاتدا جێبەجێ نەکراوە. بۆیە توێژینەوەکە داوای پێداچوونەوەی فراوان بە یاساکان دەکات، بۆ پاراستنی تەندروستی گشتی و ژینگە.
هەروەها توێژینەوەکە ئاماژە دەکات کە سەرباری کێشە یاسایی و خراپ بەکارهێنان، بڕێکی زۆر ماددە قڕکەر بە شێوەی نایاسایی لە ڕێگەی ئێران و تورکیاوە دەگاتە عێراق و هەرێمی کوردستان. بەم هۆکارانەش، توێژینەوەکە گەیشتووە بەو ئەنجامەی کە پێداچوونەوەی یاساکان لەسەر ماددە قڕکەرییەکان پێویست و گرنگە، بۆ ئەوەی هاوسەنگی لە نێوان سوودی ئابووری، پاراستنی ژینگە و تەندروستی گشتی دروست بکرێت.


بۆ خوێندنه‌وه‌ى ته‌واوى توێژينه‌وه‌كه‌ كليك بكه‌...