26 ئاب 2026
ڤيژن فاونده‌يشن
توێژینەوەیەکی دامه‌زراوه‌ى ڤيژن، گەیشتووەتە ئەو دەرئەنجامەی؛ پەیوەندیی نێوان سلێمانی و شانۆ لەئێستادا له قۆناغێكى هه‌ستياردايه، كه‌مبوونه‌وه‌ى به‌رهه‌مه شانۆييه‌كان، لاوازیی ژێرخان، نەبوونی پاڵپشتیی دارایی و کەمبوونەوەی پەیوەندیی شانۆ لەگەڵ خوێندن و کۆمەڵگە وايكردووه شانۆکاران بە نیگەرانییەوە لە داهاتووی هونەری شانۆ بڕوانن.
شانۆ لە شارى سلێمانی؛ تەنیا لە هونەرێکدا ساده نه‌بووه‌ته‌وه، به‌ڵكو بەشێکە لە مێژوو و کولتووره‌كه‌ى، ئەم هونەرە چه‌ند ده‌يه‌يه‌كه لەگەڵ شاردا گەشەی کردووە و لە سەرەتاوە لە ژینگەی کولتووريى و رۆشنبیریی شارەکە سەریهەڵداوە.
له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕينى ساڵه‌كان، ئه‌م په‌يوه‌ندييه‌ى نێوان شانۆ و شارى سلێمانى گۆڕا، ئەو پەیوەندییەى لە سەرەتادا بە شێوەیەکی خۆڕسک دروستبوو، ئەمڕۆ رووبه‌ڕووى كۆمه‌ڵێك كێشه و ئاسته‌نگ و ئاڵنگاریی بووه‌ته‌وه.
توێژینەوەکەی دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێكۆڵينه‌وه‌ى ستراتيجى، داتا و زانیارییەکانی لە فۆکەس گروپی شارەزایان و پسپۆڕان و کەسانی پەیوەندیدار کۆکردووەتەوە، وه‌ڵامى دوو پرسيار ده‌داته‌وه:
- ئێستای شانۆ لە شاری سلێمانی لە رووی هونەریی، کارگێڕیی، کۆمەڵایەتیی و پەروەردەییەوە چۆن دەردەکەوێت؟
- شانۆکارانی سلێمانی و دەسەڵاتی خۆجێیی توانیویانە پەیوەندیی ئۆرگانیکیانەی نێوان شار و شانۆ بگۆڕن بۆ پەیوەندییەکی دەزگاییانەی راستەقین
لە سەکۆكانی ماڵەوە بۆ هۆڵەکانی ئەمڕۆ
مێژووی شانۆ له شارى سلێمانی ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت: لە سەرەتادا ئه‌م هونه‌ره پشتى به توانای خۆڕسکی رۆشنبیران و خەڵکی شارەکە به‌ستبوو، قوتابخانە و کۆمەڵە زانستییەکان بوونەتە سەکۆی گەشەپێدانی شانۆ، بە تێپەڕبوونی کات، شانۆ لە چالاکییەکی تایبەت بە دەستەبژێر و رۆشنبیرانەوە گۆڕا بۆ بابەتێکی کۆمەڵایەتی و گشتی، بەڵام ئەم رەوتە بەردەوام نەبووە.
توێژينه‌وه‌كه‌ی دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی، به ناونيشانى (دواى سه‌ده‌يه‌ك له نمايشى جۆراوجۆر، په‌يوه‌نديى نێوان شار و شانۆ له ديدى شانۆكارانه‌وه -سلێمانى به نموونه) له‌لايه‌ن (د. سه‌ردار محه‌مه‌د) ئاماده‌كراوه؛ ئه‌وه ده‌رده‌خات كه دوای راپەڕینی 1991، سروشتی پەیوەندیی نێوان شارى سلێمانى و شانۆ بە شێوەیەکی بنەڕەتی گۆڕاوە، ئەو سیستمە کۆمەڵایەتی و سیاسییەی شانۆ کاری تێدا دەکرد گۆڕانی بەسەردا هات، شانۆ و دەزگا حوکمڕانییە نوێيه‌کان لەگەڵ پرسیار و بەرپرسیارێتيیە نوێيه‌کان رووبه‌ڕووبوونەوە.
کێشەکە تەنها كه‌مبوونه‌وه‌ى ژماره‌ى نمايشه‌كان نييه
توێژینەوەکەى ڤيژن فاونده‌يشن؛ کێشەی شانۆ له سلێمانی بە کێشەیەکی فراوانتر دەخاتەڕوو، بەجۆرێک شار دەبێت ژینگەیەکی کو‌لتووریی، کۆمەڵایەتیی و سياسيى له‌بارى هه‌بێت بۆ گەشەکردنی شانۆ؛ لە بەرامبەردا دەبێت شانۆش بە هێزێکی زیندوو بۆ بەرهەمهێنانی ژیانی شارستانی کار بکات، بەڵام لە دۆخی ئێستادا ئەم دوو لایەنە تاڕادەیەک لە یەکتر دوور کەوتوونەتەوە.
شانۆکاران چی دەڵێن؟
له ئه‌نجامى راپرسی توێژینەوەکەی ڤیژن فاوەندەیشندا، هونه‌رمه‌ندانى شانۆكار لە بوارى ژێرخان و هۆڵەکانی شانۆ ناڕازين، 80%ـى به‌شداربووان هۆڵەکانی ئێستای شانۆ لە رووی تەلارسازییەوە بە نەگونجاو دەزانن، لەگەڵئەوەی 87.6% دەڵێن لە گەڕەکەکان، شارۆچکە و شارەدێیەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی هۆڵی شانۆيى نییە.
كێشه‌كه ته‌نیا بينا و هۆڵ نييه
لە بوارى کارگێڕیی و دارایی، دۆخەکە قورسترە 86.3%ـی بەشداربووان پێیانوایە سیاسەتی دارایی و کارگێڕیی حکومەتى هه‌رێمى كوردستان و رۆتینی بەرهەمهێنان بوونه‌ته به‌ربه‌ست بۆ به‌رهه‌مهێنانى شانۆيى و به‌رهه‌مى نوێ، لە هەمانکاتدا، 98.6% دەڵێن: هیچ بودجە و پاڵپشتییەکی دارایی له حکومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه دابين نه‌كراوه كه تايبه‌ت بێت به بەرهەمهێنانی نمایشەکان ئەوە بەرزترین رێژەی ناڕەزایه‌تييه لە تەواوی راپرسییەکەدا هه‌بووە.
کێ شانۆ پێشده‌خات؟
توێژینەوەکە گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی، کێشەکە تەنیا لە نه‌بوونى پاره‌دا نييه؛ نەبوونی پلانێکی روونیش کێشەکەى قووڵتر کردووەته‌وه، 93.1%ـی بەشداربووان پێیانوایە بەڕێوەبەرایەتییە تایبەتمەنده‌كان لە وەزارەتی رۆشنبيرى ستراتیجییەکی روونی بۆ پاڵپشتیی گرووپە شانۆییەکان نییە، 83.6% دەڵێن: گرنگیی تەواو بە رێکخستنی فێستیڤاڵە شانۆییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان نادرێت.
دابڕانی شانۆ لە پەروەردە
له‌و توێژينه‌وه‌يه‌ى ڤيژن فاونده‌يشن بڵاويكردووه‌ته‌وه، كێشه‌يه‌كى ديكه خراوه‌ته‌ڕوو له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونى کات له سلێمانى دروستبووە، ئه‌ويش دووركه‌وتنه‌وه‌ى شانۆيه له قوتابخانه‌كان، 80.8% له به‌شداربووانى توێژينه‌وه‌كه ده‌ڵێن: وه‌زاره‌تى په‌روه‌ردى حکومەتی هەرێمی کوردستان، گرنگيى پێويست به چالاكى شانۆيى له ناوه‌نده‌كانى خوێندن ناده‌ن، 87.7%ـى شانۆكاران پشتگيريى له زيادكردنى وانه‌يه‌كى سه‌ربه‌خۆ بۆ هونه‌رى شانۆ ده‌كه‌ن، له هه‌فته‌يه‌كدا لانيكه‌م دوو رۆژ له قوتابخانه‌كان بخوێندرێت.
ئازادیی شانۆ؛ پرسیارێکی کۆن کە هێشتا زیندووە
توێژینەوەکە بەشێکی تایبەتی بۆ پەیوەندیی نێوان ئازادی و شانۆ تەرخان کردووە، باس لە سانسۆری دەقی شانۆیی لە سلێمانی دەکات، ئەم بابەتە بەتایبەتی لەو رووەوە گرنگە کە شانۆ وەک سەکۆیەکی ئازاد و رەخنەگر ناسراوە، توێژینەوەکە جەخت دەکاتەوە پاراستنی داهێنانی شانۆکاران لە ترسی ئەمنی و کۆمەڵایەتی مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ مانەوەی شانۆ وەک هێزێکی رەخنەگر.
چارەسەرەکە تەنیا لە دەست حکومەتدا نییە
توێژينه‌وه‌كه چه‌ندين پێشنيازى بۆ چاره‌سه‌ر و به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى شانۆ له شارى سلێمانى خستووه‌ته‌ڕوو، پێشنيازه‌كان ئاڕاسته‌ى وه‌زاره‌ته‌كانى په‌روه‌رده و رۆشنبيرى كراون، داوا ده‌كرێت بودجەیەکی ساڵانەی جێگیر بۆ پاڵپشتیی گرووپە شانۆییەکان دابین بکرێت، هۆڵەکان بە ستانداردی مۆدێرن نوێ بکرێنەوە و لە پرۆژە نیشتەجێبوونە نوێیەکاندا هۆڵی شانۆ و سەنتەری رۆشنبیری لەبەرچاو بگیرێت.
بۆ خوێندنی باڵا و پەروەردە، توێژینەوەکە پێشنیازی کردنەوەی بەشی شانۆ لە زانکۆکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و زیادکردنی وانەی سەربەخۆی شانۆ لە قوتابخانەکان دەکات.
بۆ کەرتی تایبەت و میدیاکان، رۆڵێکی گرنگ دیاریکراوە؛ ئەویش لە رێگەی وەبەرهێنان، سپۆنسەرکردنی نمایشەکان، دروستکردنی هۆڵی شانۆ و پشتیوانی لە پرۆژە هونەرییەکان، لەگەڵ بەشداریکردنی میدیا لە بڵاوکردنەوە و ناساندنی شانۆ کاربکەن بۆ پێشخستنی بواری شانۆ.
پرسیارەکە لە کۆتاییدا بۆ هەمووانە
توێژینەوەکەی دامه‌زراوه‌ى ڤيژن، شانۆ له سلێمانی ته‌نها وه‌ك هونه‌رێك نابينێت؛ بەڵکو وه‌ك بەشێک لە ژیانی شار، پەروەردە، کۆمەڵگە و ناسنامەی کولتووريى شاره‌كه‌ى دەزانێت، چارەسەرکردنی دۆخی ئه‌م هونه‌ره‌ش تەنیا له شانۆکاران و وەزارەتی رۆشنبیری كورت ناكاته‌وه، به‌ڵكو پەیوەندییەکە پێویستی بە هاوکاریی حکومەت، شانۆکاران، پەروەردە، زانکۆ، کەرتی تایبەت، میدیا، کۆمەڵگەی مەدەنی هەیە، ئەمەش لە ناوەڕۆکی توێژینەوەکەدا وەک ئامانجی سەرەکی بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی هۆشمەندانەتر و بەرپرسیارانەتر لە نێوان شار و شانۆ دیاریکراوە.
كليك بكه بۆ خوێندنه‌وه‌ى توێژينه‌وه‌كه‌ى ڤيژن فاونده‌يشن...
بڵاوکردنەوە