دوای سەدەیەک لە نمایشی جۆراوجۆر پەیوەندیی نێوان شار و شانۆ لەدیدی شانۆکارانەوە – سلێمانی بە نموونە

26 ئاب 2026

لەناو ئەو سەدەیەی سلێمانی و شانۆ پێکەوە بەڕێیان کرد، پەیوەندییەکەیان لە زۆربەی قۆناغە جیاجیاکانیدا هەر گەرموگوڕ بووەو خوێنی تازەی تێزاوە، بەپێی گەشەی شاریش لە هەڵکشاندا بووە، بەڵام خۆ دیارە لە هەڵبەز و دابەز و هەوراز و نشێویش بەدەر نەبووە. یەکێک لە قۆناغە ئاڵۆزەکانی ئەو پەیوەندییەش قۆناغی دوای ڕاپەڕینی ئازاری ساڵی ١٩٩١ ە، چونکە ڕاستەوخۆ زۆربەی هۆکار وپاڵنەر و هەلومەرجە سەپێنراوەکانی کارکردنی شانۆی لەناو سیستمی کۆمەڵایەتی و ڕامیاریی شاردا گۆڕی بۆ دۆخێک ، نەک هەر نزیکیش نەبوو لەوەی پێش خۆی، بەڵکو بەتەواوی پێچەوانەشی بوو، ئیدی پرسیارە بنەڕەتیەکەی؛ شانۆ بۆچی؟ داوای وەڵامی زۆر جیاوازی دەکرد و شار و دەزگا حوکمڕانییە نوێیەکانی لە لایەک و شانۆ و شانۆکارانیشی لەلایەکی ترەوە دەخستە ژێر پرسیارو بەرپرسیاریی جیاواز و ئەرکی ئاڵۆزترەوە، ئەرکی؛ شاریبوون و شانۆکاربوون لەسایەی خۆبەڕێوەبەریی کورددا.

ئەم توێژینەوەیە کە لە چوار بەش پێکدیت،  لەبەشی یەکەمیدا میتۆدۆلۆگیاکەی خۆی داڕشتووەو هەوڵیداوە، لەپای سستبوونی ئەم چەند ساڵەی دوایی چالاکیی بەرهەمهێنانی نمایشی شانۆیی لە سلێمانی، لە سروشتی هەنوکەی ئەو پەیوەندییە لە دیدی خودی شانۆکارانی سلێمانییەوە بکۆڵێتەوە، ئەمەش کرۆکی کێشەی توێژینەوەکەیە کە ئامانجە سەرەکیەکەی ئەوەیە هەردوولا؛ چ شانۆکاران و چ دەزگا پەیوەندیدارەکانی حوکمڕانی بۆ داڕشتنەوەیەکی هۆشمەندانەتر و بەرپرسیارانەتری پەیوەندیی نێوان شار و شانۆ، وەک بەڵگەیەکی زانستی پشتی پێ ببەستن. لە بەشی دووەمیشدا کە تایبەتە بە چوارچێوە تیۆرییەکەی، لەپاڵ گەنگەشەکردنی (پێگەی شانۆ لە بونیادی شاردا) سەرنجی خستۆتە سەر (بناغەی پەیوەندیی شار و شانۆ لە سلێمانی)، بەڵام هەوڵی نەداوە پەیڕەوێکی کرۆنۆلۆگی بگرێتە بەر، بەڵکو تەنها سەرنجی خستۆتە سەر ئەو قۆناغەی سەرەتاکانی دروستبوونی نمایشی شانۆیی لەم شارە، چونکە ئەوەی بۆ توێژینەوەکە گرنگە تەنها تێڕامانە لە و بناغەیەی پەیوەندی کە سەدەیەک لەمەوبەر سلێمانی و شانۆ بۆ خۆیان داڕشت، تا توێژەر لە خوێندنەوەی ئێستای پەیوندییەکەدا پشتی پێ ببەستێت.