هەوڵەکانی سودانی بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆكوەزیران، دەرفەت و ئالەنگارییەكان

9 تشرینی دووەم 2025

نوسەر : د. نوزاد هێتوتی

بڕیارە لە (١١)ی تشرینی دووەمی (٢٠٢٥) ھەڵبژاردنی گشتی لە عێراق بەڕێوە بچێت. ئەم ھەڵبژاردنە لە كاتێكدایە، كە گۆڕانكاریی زۆر گەورە لەسەر ئاستی ناوچەكە ڕوویانداوە؛ لەوانەش ڕوداوەكانی (٧)ی تشرینی یەکەم(ئۆكتۆبەر)، شەڕی ئیسرائیل لەگەل حەماس، شەڕ لەگەڵ حزبوڵڵا و حوسییەكان، كەوتنی ڕژێمی ئەسەد، ھێرشی ڕاستەوخۆی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و لاوازبوونی بەرەی موقاوەمە بە گشتی لە ناوچەكەدا.  لەلایەكی ترەوە؛ ئەم ھەلبژاردنە لە كاتێكدا بەڕێوە دەچیت، كە دابەشبوونێكی گەورە لە ناو ھێزە شیعەكاندا ھەیە و (چوارچێوەی ھەماھەنگیی شیعەكان) بە چەندین لیست و قەوارەی جیاواز بەشداریی پرۆسەی سیاسی  دەكەن. ئەوەی جێگەی سەرنجە، لەم ھەڵبژاردنەدا ململانیێ ناو ماڵی شیعەكان، بەتایبەت لەنێوان نوری مالیكی و محەمەد شیاع سودانی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكوەزیران، زۆر تووندبووە، بەڵام ھاوكێشە سیاسییەكانی دوای ساڵی (٢٠٠٣) ئەوە دەسەلمێنن؛ كە وەرگرتنی پۆستی سەرۆكوەزیران تەنیا پەیوەندیی بەوەوە نییە کە كێ زۆرترین دەنگ دەستەبەر دەكات، بەڵكو لەم ھاوكیشەیەدا ئێران و ھاوپەیمانەكانی لە عێراقدا ڕۆلی سەرەكی و یەكلاكەرەوە دەگێڕن لەوەی كێ دەبێتە سەرۆك وەزیران یان  سەرۆك كۆمار.