گۆڕانى ديمۆگرافيى له‌نێوان ئازاديى خاوه‌ندارێتى و پاراستنى ناسنامه‌ى دانيشتووان

27 تەممووز 2026

دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی، لە شيكارييه‌كدا، پێویستیی داڕشتنی چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ پاراستنی هاوسەنگیی دیمۆگرافی لە هەرێمی کوردستان خستووەتەڕوو.

شيكارييه‌كه‌ له‌لايه‌ن د. سانا كه‌مال، پسپۆڕى ياسايى بە ناونیشانی (گۆڕانکاریی دیمۆگرافی لە هەرێمی کوردستان ـ عێراق؛ خوێندنەوەیەکی دەستووری لە هاوسەنگی نێوان ئازادیی خاوەندارێتی و پاراستنی ناسنامەی دانیشتوان)، ئاماده‌كراوه‌، شیکارییەکی یاسایی و دەستووری بۆ ماددەی (23)ی دەستووری عێراق، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی باڵا و سنووری دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان لە رێکخستنی خاوەندارێتیی موڵک پێشکەش دەکات.

ئەم شيكارييه‌ لەسەر بنەمای شیکردنەوەی دەستووری، یاسایی و بەراوردکارانە ئەنجامدراوە و تێیدا دەقەکانی دەستووری عێراق، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی باڵا، بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی و ئەزموونی چەند وڵاتێک و هەرێمی جیاواز، وەک فینلەندا، ئیتالیا و کەنەدا، بەراورد کراون بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ هەرێمی کوردستان.

ئەوەشهاتووە، پاراستنی مافی خاوەندارێتی و ئازادیی جوڵە پێویستە لەگەڵ پاراستنی تایبەتمەندیی دیمۆگرافیی ناوچەکان هاوسەنگ بکرێت، و جەخت لەوە دەکاتەوە کە قەدەغەکردنی گشتی چارەسەری بنەڕەتی نییە، بەڵکو پێویستە چوارچێوەیەکی یاسایی و رێکخراوەیی بۆ رێکخستنی ئەم بابەتە دابنرێت.

کۆمەڵێک پێشنیاری یاسایی و دامەزراوەیی لە توێژینەوەکەدا خراوەتەڕوو، لەوانە چاودێریکردنی گۆڕانکاریی دیمۆگرافی، هەڵسەنگاندنی کاریگەریی دیمۆگرافیی پرۆژە گەورەکان، بەهێزکردنی سیستەمی تۆمارکردنی موڵک و دامەزراندنی چوارچێوەیەکی یاسایی، کە لە هەمان کاتدا مافە دەستوورییەکان و جێگیریی کۆمەڵایەتی بپارێزێت.