14 کانوونی دووەم 2026
دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی رۆژی چوارشەممە ١٤/١/٢٠٢٦ توێژینەوەیەکی لەبارەی بیمەی تەندروستیی لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە، لە توێژینەوەکەدا رێگەچارەی کەمکردنەوەی خەرجیی چارەسەری نەخۆشی لەلای هاوڵاتییان لە ٧٠٪وە بۆ ٢٠٪ دەخاتەڕوو.
لە توێژینەوەکەدا باس لە دامەزراندنی دامەزراوەیەکی نیشتمانی و پاڵپشتیی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان دەکات بۆ دامەزراندنی سیستمێکی بیمەی تەندروستی، بەجۆرێک بتوانرێت چاودێری و کۆنترۆڵی بیمەی تەندروستی بکات لە هەردوو کەرتی گشتی و تایبەتدا.
بەوپێیە دەکرێت لە ماوەی ٥-١٠ ساڵی داهاتوودا ٩٥٪ی دانیشتووانی هەرێم لەناو سیستمی بیمەی تەندروستیدا جێبکرێنەوە، ئەمە سەرەڕای لەخۆگرتنی ئەو چینانەی کە داهاتیان کەمە وەک (پیر، منداڵ، خاوەنپێداویستی تایبەت، بێکار و پەنابەر)، بەبێ وەرگرتنی هیچ بڕە پارەیەک لەوکەسانە.
توێژینەوەکە هەنگاوەکان، میکانیزم و رێگەچارەکانی دانانی سیستمێکی دەستەبەری تەندروستی لە هەرێمی کوردستان خستووەتەڕوو، سەرەڕای سەرنجەکان پرۆفیسۆر دکتۆر محەمەد ئیبراهیم جەباری لە زانکۆی سلێمانی لەبارەی توێژینەوەکەوە وتی، "ئەم توێژینەوەیە لەڕووی زانستییەوە توێژینەوەیەکی تەواو کامڵە".
دکتۆر سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی ئاماژەی بۆ کەمیی بودجەی کەرتی تەندروستی کرد کە یەکێکە لە ئاڵنگارییەکانی بەردەم دانانی بیمەی تەندروستی و وتی، "ئەو بودجەیەی حکومەتی هەرێمی کوردستان تەرخانی دەکات بۆ کەرتی تەندروستی بەشی ١٠٪ی خزمەتگوزارییەکان ناکات لەو کەرتەدا".
بڵاوکردنەوەی توێژینەوەکەی بەشی توێژینەوەی دامەزراوەی ڤیژن لە پرێزینتەیشنێکدا بە ئامادەبوونی بەرپرسان و پسپۆڕانی تەندروستی ئەنجامدرا.












































بڵاوکردنەوە